هه واڵ

[هه واڵ][bleft]

وه رزش

[هه واڵ][twocolumns]

نوێترین وتاری بەخیار عەلی

موقەدەس تەنیا لە کایەی سیاسیدا دەبێتە هێزێکی ترسناک و وێرانکەر

پێشتر لە هەندێک کتێب و لە زۆر وتاردا، باسم لە موقەدەس و مەترسییە گەورەکانی کردوە. لە تەواوی نویسنەکاندا خاڵێک هەمیشە دەیهێنمەوە یاد ئەو تێزە سەرەکییەیە کە سنووری موقەدەس بە سنووری دینەوە گرێنەدراوە. موقەدەس چەمکێکی لە دین گەورەتر و فراوانتر و فرەکارترە، هەم شوێنی ئیشکردنی و هەم دەرکەوتەکانی لە سنووری تێڕوانینی دینی تێدەپەڕن. شەڕی بنەڕەتیش هەمیشە لەگەڵ چەمکی موقەدەسدایە، کاتێک لە دین دێتە دەرێ و لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا فۆرمی تر وەردەگرێت. ئەوەی کارەساتەکان دەخولقێنێت ئەو ڕیزە میکانیزمەیە کە موقەدەس لە کۆی جەستەی کۆمەڵایەتیدا دەیانخاتە گەڕ. مەترسیی چەمکی موقەدەس لەوەدایە کە توانای هەیە هەموو رەگەزەکانی دین و سەمبول و پرۆسەکانی لە جێگاکانی تردا سەوزبکاتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم و جەغتی لەسەربکەم، کێشەی «ناموقەدەس»ـە. بە درێژایی سەدەی ڕابوردوو ململانێی نێوان دین و عەلمانییەت، نەگوازراوەتەوە بۆئەوەی ببێت بە ململانێی نێوان «موقەدەس» و «ناموقەدەس». ئەوەی لە خۆرهەڵات بە عەلمانییەت ناو دەبرێت، هیچ نییە جگە لە جێگۆڕکێ بە شوێنی موقەدەس. لە ڕاستیدا دین هیچ کات بوونێکی جودا و داخراو و سەربەخۆ نییە لە دەرەوەی کارلێکە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان، ئەمە وایکردوە بە سەختی خودی «دین» و «فۆرمی بیرکردنەوەی دینی» لەیەک جیابکرێنەوە. لە کاتێکدا ئەم جیاکارییە ڕاستییەکی گەورە و دیفاکتۆیەکی مێژووییە کە بە درێژایی سەدەی بیست لە هەموو جێگایەکدا دەیبینین و دێتەوە ڕێگامان. دەشێت بەشێکی زۆری کۆمەڵگا باوەڕی بە دین نەبێت، بەڵام باوەڕنەهێنان بە دین کارێکی بەوەوە نییە و مانای ئەوەش نادات کە «فۆرمی بیرکردنەوەی دینی» تەواو بە فۆرمی بیرکردنەوەمانەوە چەسپابێت و لێمان نەبێتەوە. ئەوەی وادەکات تێپەڕاندنی موقەدەس سەخت بێت، خودی ئەو پایانە نین کە دین لە سەریان وەستاوە، بەڵکو ئەو قاڵبە زیهنی و فۆرمانەی بیرکردنەوەمانن کە ناتوانن لە دەرەوەی ئاینیش، جیهان بەبێ موقەدس وێنابکەنەوە. لێرەوە ڕەخنەگرتن لە دین تەنیا کاتێک دەتوانێت شتێکی نوێ بهێنێت کە پێشوەخت ئیشێکی گرنگ و زۆری لەسەر فۆرمی بیرکردنەوەی دینی کردبێت. ئەوەی ئەمڕۆ سەیری ئەو دەنگە دەنگ و هەرا زۆرە بکات کە لە سەر دین و عەلمانییەت لە واقعی ئێمەدا هەیە، دەبینێت کە هەر دوو بەرەکە لەسەر ئەوە بە شەڕ دێن کە «دین دەڵێت چی؟»، لە کاتێکدا پرسیاری هەرە گەورە ئەوەیە «دین چییە؟». هەر دوو لا لەو هەڵەیەدا بەشدارن کە دین لە دەرەوەی سیستمی بیرکردنەوە و فۆرمە زاڵەکانی ناو دونیابینی تەماشادەکەن. عەلمانییەکان لەم هاوکێشەیەدا تووشی ئەو تەوەهومە دەبن کە ئەوان لە دەرەوەی دینن. فۆرمی بیرکردنەوەی دینی، شتێک نییە تایبەت بێت بە کەسانی مەزهەبی، بەڵکو هێزێک و قاڵبێکە دەتوانێت لەناو هەموو سیستمێکی بیرکردنەوەدا دەربکەوێت و زەبری خۆی نائاگا و نەویست بوەشێنێت. هەڵەیەکی کوشندە و گەورەیە واتێبگەین کە گوایە ئێمە دەتوانین لە ڕێگای تێگەیشتن لەوەوە کە دین دەیڵێت، لە چییەتیی دین تێبگەین. ئەوانەی وادەزانن بە گەڕانەوە بۆ ئایەتێک، بۆ حوکمێکی شەریعەت، بۆ ژیانی ئەسحابەیەک، بۆ تەفسیری موفەسێرێک دەتوانن لە دین تێبگەن، جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەو مامۆستا دینیانەدا نییە کە هەمان ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە دین دەگرنەبەر. لە کاتێدا بۆ تێگەیشتن لە چییەتیی دین پێویستیمان بە خوێندنەوەی تەواوی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتی و مەعریفی و گەردونییە هەیە کە دین لە ساتێک لە ساتەکاندا لە نێویدا چالاک و کارا دەبێت، چییەتیی دین پەیوەندییەکی توندی بەو قاڵب و ڕەمز و فۆرمانەی ڕوانین و بیرکردنەوەوە هەیە کە دەیبەخشێت بە نەزم و سیستمی تێڕوانینی ئێمە بۆ دونیا، دین تەنیا وتە و ئەحکام نییە، بەڵکو شێوازێکی پەیوەندییە، قاڵبێکە کە پەیوەندیی قووڵی دەسەڵات و مەعریفە ڕێکدەخات. 
هەر دیالۆگێک نەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە «دین چییە؟»، دیالۆگێکە هەمیشە بە دەوری کێشەکەدا دەسوڕێتەوە. کێشەی گەورەی خۆرهەڵات ئەوەیە، کە ناموقەدەس هەمیشە لە ڕێگای موقەدەسەوە دەتوانێت ئامادەگیی هەبێت. بەوەدا هیچ فۆرمێکی بیرکردنەوەی زانستی و هیچ عەقڵییەتێکی زانستی لەدایک نەبووە، هەموو شێوەکانی بیرکردنەوە، بە بیرکردنەوەی دینی و عەلمانیشەوە، تەنیا لە ڕێگای فۆرمی بیرکردنەوەی دینییەوە دەتوانن ئامادەبن. فیکری نامەزهەبی لە دونیای ئێمەدا هیچ کات نەیتوانیوە خۆی لە سێبەری موقەدەس بپارێزێت و نەگەڕێتەوە بۆی و نەیکاتەوە بە سوپەر و قەڵغانی خۆی. چوونە دەرەوە لە بیرکردنەوەی مەزهەبییەوە بەرەو جۆرە بیرکردنەوەکانی تر، هیچ کات هاوشانی دەرچوون نەبووە لە شێوە پەیوەندییەکی ڕۆحانی بە موقەدەسەوە، بەرەو جۆرە پەیوەندییەکی عەقڵانی بە دونیاوە. گواستنەوە لە نێوان ئایدۆلۆژیاکاندا بە گشتی جوڵەیەکی بچوک و ڕێژەدارە، هەمیشە هەر سوڕانەوەیە لە سنووری هەرێمی موقەدەسدا. هەموو ئەو ئایدۆلۆژیانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان وا قسەدەکەن کە گوایە بەشێک نین لە دین و بە حیساب جیاوازییەکیان لەگەڵ فیکری دینیدا دروستکردوە، پاش کەمێک تێڕامان، دەبینین کە پەتی موقەدەس ئاسان بەرەو ناو قاڵبی فیکری دینییان دەگێڕێتەوە. مەسەلەکە بە بڕوای من تەنیا ئەوە نییە کە ئەم ئایدۆلۆژیانە سروشتێکی ڕزگارکەر و گووتاری فریادڕەسێکی غەیبی دەدەن بە خۆیان، واتە فۆرمی «ئایدۆلۆژیای فریادڕەس» وەردەگرن و پەیامێکی دینی هەڵدەگرن، بەڵکو ئەوەشە کە کایەی سیاسی پڕدەکەن لە هەوا و عاتیفەی دینی. موقەدەس لەناو دیندا، لە ژینگەی سروشتی خۆیدایەتی، بەڵام کاتێک لە دین دێتەدەرێ و دەبێت بە بەشێک لە کایەی سیاسی دەبێتە هێزێکی وێرانکار. کێشەکە ئەو ساتە خەستدەبێتەوە کە ناموقەدەس، دونیاگەرا، جگە لە کەناڵی موقەدەس هیچ جێگایەکی تر و ڕێگایەکی تری نابێت بۆ خۆ نمایشکردن و دەرکەوتن. 
لە ساڵانی ڕابوردوودا، ئاڕاستەی قسە و ڕەخنەم لە کۆی کایەی سیاسی بووە، هۆی ئەم سەنگەرگیرییەش لە سیاسەت، ئەوە بووە کە ستایشکەرانی سیاسەت چیتر ئەو هەستەیان ونکردوە کە ببینن موقەدەس لە ڕێگای سیاسەتەوە خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە، لەم نێوەشدا کایەی دینی و قسەکەران و بەرگرییکەرانی دین خۆیان بوون بە بەشێکی دانەبڕاو و بنەڕەتیی ناو کایەی سیاسی. ئەوەی ئەمڕۆ بە پلەی یەکەم موقەدەس بەرهەمدەهێنێتەوە میکانیزمەکانی کایەی سیاسییە. لێرەدایە کە دەگەڕێمەوە سەر ئەو بۆچوونەی کە تێگەیشتن لە چییەتیی دین لە خۆرهەڵاتدا یاخود وەڵامدانەوەی پرسیاری «دین چییە؟» پەیوەندییەکی بنەڕەتیی هەیە بە وەڵامی پرسیاری «سیاسەت چییە؟». پرسیاری «دین چییە؟» ڕاستەوخۆ ماهییەت و چییەتیی کایەی سیاسیی ئەمڕۆشمان بۆ ئاشکرادەکات. وەک چۆن چیتر دین بێ سیاسەت پێناسە ناکرێت، سیاسەتیش بێ گەڕانەوە بۆ کاریگەرییە قووڵەکانی دین پێناسە ناکرێت. ئەوە تەنیا دین نییە کە هێزی موقەدەس و سەمبولی موقەدەس و تێکستی موقەدەس دروستدەکات، بەڵکو دونیای سیاسی و فیکریی ئێمە لێوان لێوە لە تێکستی موقەدەس، چەمکی موقەدەس، سرودی موقەدەس، ئاڵای موقەدەس، سەرۆکی موقەدەس، فیگەری موقەدەس، مێژووی موقەدەس. لێرەوە گەر جەنگێک هەبێت لەگەڵ موقەدەسدا، سەرەتای سەرەتا ئەو جەنگە بە ناو تێکشکاندنی موقەدەسدا لە کایەی سیاسیدا دەڕوات. موقەدەس تەنیا لە کایەی سیاسیدا دەبێتە هێزێکی ترسناک و وێرانکەر. گواستنەوە لە موقەدەسی دینییەوە بۆ موقەدەسی سیاسی گۆڕانکارییەکی بونیادی، یاخود دابڕانێک نییە، شۆڕشێک یان پەڕینەوەیەک نییە لە دونیایەکەوە بۆ دونیایەکی دی، وەک هەندێ لە بەناو عەلمانییەکان قسەی لێدەکەن. بەڵکو درێژکراوە و زیندووبوونەوەی موقەدەسە لە فۆرمی جێگیرتر و داخراوتردا، گواستنەوەیە لە شێوەیەکی دینەوە بۆ شێوەیەکی تری، گواستنەوەیە لە دینی سیاسییەوە بەرەو سیاسەتی دینی. تا ئێستاش کێشەی سەرەکی وا وێنادەکرێت وەک ئەوەی گرفتەکە بە تەنیا لە بەسیاسیبوونی دیندا بێت، لە کاتێکدا گرفتی گەورە لە بەدینیبوونی سیاسەتدایە، لە وەرگەڕانی کۆی کایەی سیاسیدایە بۆ کایەیەکی دینیی پڕ لە موقەدەس و هێڵی سوور، پڕ لە سەمبولی ئەفسانەیی و عاتیفەی پەرستن و عیبادەتی عەبدانە. 
دین چیتر تەنیا لەناو دیندا نییە، تا تەنیا وەک دین دیالۆگی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو فۆرمی تێڕوانینی دینی بۆ جیهان، سیستمە ڕەمزییەکەی، موقەدەسگەراییە توندەکەی، گڕی عیبادەتەکەی، نەفرەتی بەرامبەر ئەوانیدیی «کە ئەمە سروشتی هەموو دینەکانی مێژووە، لە دیانەتە سەرەتاییەکانەوە تا دیانەتە گەورەکان» ئێستا بووە بە شێوازێکی سەرەکیی بیرکردنەوەی سیاسی. لە کایەی سیاسیدا بەر هیچ حیزبێک یان ئایدۆلۆژیایەک یان گروپێکی فیکری ناکەوین کە فۆرمی بیرکردنەوەی مەرجەعگەرا، موقەدەسساز، عاتیفی، ترسێنەر، قیامەتگەرا نەبێت. لێرەوە بە بڕوای من گرفتی هەرە گەورەی دونیای ئێمە هەر ئەوە نییە کە موقەدەسە دینییەکان ڕێگا بە شێوازەکانی دیکەی بیرکردنەوە و ڕوانین نادەن گەشەبکات، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، بێتوانایی کایە فیکری و سیاسییەکانی دەرەوەی دینە لە بەرهەمهێنانی فۆرمێکی تێڕوانین و جیهانبینی و بیرکردنەوەدا، کە موقەدەس تێیدا هەمان وەزیفە و هەمان جێگای سەنتراڵ و هەمان هێزی نەبێت. ئەم دیالۆگانەی ئێستا دەیبینین نیشانەی ئەوەن کە کایەی سیاسی بۆتە مەیدانێک کە موقەدەس تێیدا جریتبازی دەکات، نەوەک مەیدانێک بێت شێواز و تێڕوانین و جیهانبینییەکی نامەزهەبی تێیدا گەورە بێت و گەشە بکات.
كۆمێنت
  • Blogger كۆمێنت له ڕێگه ی بلۆگه ره وه
  • Facebook كۆمێنت له ڕێگه ی فه یس بوكه وه
  • Disqus كۆمێنت له ڕێگه ی Disqus

ليست هناك تعليقات :


ته ندروستی

[هه واڵ][threecolumns]

زانست وزانیاری

[هه واڵ][list]
[][grids]

ته‌كنه‌لۆجیا

[هه واڵ][bsummary]