خافڵاندن (زەواجی مسیار وه‌ك نموونه)
جارێكی تر خه‌ریكه بابه‌تی (هاوسه‌رگیریی مسیار) ده‌بێته‌وه به‌بابه‌ت و رۆژنامه‌و سایته‌كان باسی لێوه ده‌كه‌ن و رای چالاكوان و زانایانی ئایینی وه‌رده‌گیرێت.هه‌ر كه‌س ئازاده له‌چ گۆشه نیگایه‌كه‌وه سه‌یری بابه‌ته‌كه ده‌كات و هه‌ڵسه‌نگاندی بۆ ده‌كات، بۆ من ئه‌م بابه‌ته تازه نییه، به‌ڵكو له ساڵی 2008ه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌هاتنه‌وه‌ی به‌ڕێزێك لەسعودیه‌وه، بابه‌ته‌كه كاتی خۆی و له‌خولی دووه‌می په‌رله‌مان و له‌لایه‌ن ئه‌ندام په‌رله‌مانه ژنه‌كانه‌وه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تكرایه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه نه‌مانهێشت خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میشی بۆ بكرێت و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان ته‌نانه‌ت ئیمزاشیان نه‌خسته‌سه‌ر پڕۆژه‌كه، له‌م كاره‌ماندا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌وكات به‌ڕێز عه‌دنان موفتی هاوكارمان بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندامه به‌ڕێزانه‌ی كه باوه‌ڕیان به‌یه‌كسانی هه‌بوو و شان به‌شانی ئێمه هه‌وڵیان ده‌دا بۆئه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی هه‌مواربكرێته‌وه.
ئه‌و سه‌رده‌مه تێپه‌ڕی و له‌خولی سێیه‌مدا ئه‌م بابه‌ته هه‌ر باس نه‌كرا، چونكه هه‌مووان ده‌زانن كه گێرمه‌و كێشمه‌كێشه‌كانی په‌رله‌مان ئه‌وه‌نده زۆربوون كه‌س ئه‌و كات هه‌ر جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه ئه‌كرد كه بابه‌تێكی وا بهێنێته به‌رباس، به‌ڵام ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر خاوه‌نی پڕۆژه‌كه له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تر كه پاشخانی ئیسلامی سیاسی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ دوو خانمی به‌ڕێز كه چالاكوانی مافه‌كانی ژنان بوون، قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كرده‌وه جارێكی تر، ئه‌و كاته‌ش من به‌لامه‌وه سه‌یر بوو كه به‌رنامه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كرا به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی تازه هاتبێته ئاراوه.
ئێستاش له‌م كاته‌ی كه جه‌نگ له‌ئارادایه‌و وڵاتمان تووشی چه‌ندین قه‌یران بووه هه‌ر له‌قه‌یرانی دارایی و قه‌یرانی سیاسی و قه‌یرانی نه‌بوونی متمانه‌ی نێوان هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كان و چه‌ندین قه‌یرانی شاراوه‌ی تر، كه ماوه‌یه‌كی تر ئاسه‌واره‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌م كاته‌داو له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌مووان بیر له‌ڕێگاو شێوازی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان بكه‌ینەوە، بابه‌تی گه‌رم ده‌بێته‌وه بەزەواجی مسیار! ئه‌وه‌نده‌ی وزه‌و تاقه‌تی خۆمان له‌گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته سه‌رف بكه‌ین، بابێین قسه له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كان و شێوازی چاره‌سه‌ركردنی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر هاووڵاتی كه‌شێكی ئارام و داهاتێكی به‌رده‌وامی ژیانی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر دڵنیایی ته‌ندروستی و كێشه‌ی نیشته‌جێبوونی بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر له‌ناو هه‌رێمێكدا بژی كه عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی تێیدا پێوه‌ر بێت، له‌هه‌رێمێكدا بژی خه‌می دواڕۆژی نه‌بێت كه چی به‌سه‌ر دێت و چۆن پاش خانه‌نیشینبوون ژیانێكی ئاسووده به‌رێته سه‌ر، هه‌زاره‌ها خه‌م و هه‌زاره‌ها ئاوات و هیوای هاووڵاتیان وه‌لانراوه ته‌نهاو ته‌نها پڕۆژه‌كه‌ی زەواجی مسیارمان ماوه بۆئه‌وه‌ی ژیانمان پێرفه‌كت بێت و هیچ كه‌موكوڕییه‌كی تیا نه‌مێنێت.
من ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته له‌م كاته‌دا ده‌ورووژێنێت مه‌به‌ستێتی هاووڵاتیان مه‌شغوڵ و سه‌رقاڵی گفتوگۆی ئه‌م بابه‌ته بكات بۆئه‌وه‌ی هه‌موو بابه‌ته قه‌یراناوییه‌كانی تریان له‌بیر بچێته‌وه، ئه‌مه‌ش جۆرێكه له‌سیاسه‌تی خافڵاندن، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتی بیری لای مووچه نه‌بێت و بیری لای شه‌فافییه‌ت و چاكردنی شێوازی حوكمڕانی نه‌بێت، كه‌س باسی داهات و شتی وا نه‌كات، كه‌سیش توخنی شتی بڤه نه‌كه‌وێت، با خه‌مه‌كان ته‌نها خه‌می ئه‌وه بن چۆن زەواجی مسیار بهێنرێته ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه، خۆ ژنیش ئه‌وه هه‌ر حیسابی بۆ نه‌كراوه با ئه‌مه‌شی بێته سه‌ر.
دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه، په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌رێت بۆ ئه‌و بابه‌ته و بیباته ناو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه، ئه‌وا ده‌كه‌وێته به‌ر له‌عنه‌تی مێژوو و دونیای دیموكراسی.
پۆل
وتار
كۆمێنت
ليست هناك تعليقات :