رۆمانی (پێڵاو پەیوەندیی بە كارەكەوە نییە)
سەرچاوە: شافعی سەلامە
سەرچاوە: ئەلئەنبائـ
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
رۆمانێكی خاتوو (خەولە سامی) دەربارەی كارەساتی سوریا، وڵاتە بریندارە خوێن لەبەڕۆیشتووەكەی.
كێ بەرپرسە لەوەی مرۆڤ لایەنگریی نامێنێت و لەدڵسۆزیی رووتدەكرێتەوەو دەبێتە لەكەیەك لەسەر نیشتمان؟ رەنگە ئەم پرسیارانە ئەو هێڵە سەرەكییە بن كە رۆمانەكەی (خەولە سامی - پێڵاو پەیوەندیی بە كارەكەوە نییە) بە دەوردا دەخولێتەوە و چەندین لایەنی جیاجیای ژیانی سوریای نیشتمانی تێدا تۆمار كردووە، ئەو نیشتمانەی كە خوێن لە برینەكانە دەچۆڕێت و گەلەكەی لە كارەساتێكدایە كە ئارەقی خستووەتە تەوێڵی شەرەفمەندەكانی جیهانەوە.
رۆمانەكە لە دووتوێی 128 لاپەڕەی بچوكدایە و خانەی مەبدەئـ دەریچواندووە. نووسەرەكەی لەبەشی هەرەزۆریدا تەكنیكی فلاش باگی پەیڕەو كردووە و پاڵەوانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زۆربەی ئەو رووداوانەی كە لە رابردوودا بەسەریدا هاتوون، بە شێوازێك كە خراونەتە سیاقی گشتی و ئامانجە سەرەكییەكەیەوە. رۆمانەكە رۆچووەتە قوڵایی قەیرانەكەوە بە وردەكارییەكانی و ئازارەكانی و كێشەكانی گەلی سوریا و ترسەكانییەوە، هەروەها رەنگدانەوەی كارەساتی مرۆیی و ململانێی نێوان خاوەن هێز و دەسەڵاتەكان و ئەوانەی كە كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتیان و كۆژانەكانیان لەسایەی زوڵم و ستەمیاندا.
ئەم رۆمانە هێڵێكە لەرووداوەكانی ئێستا و رابردوو كە دێنەوە یادی پاڵەوانەكەی و لە قوڵایی و لەوپەڕی بێ ئومێدیدا بیریان لێدەكاتەوە، بەڵام هەموو رایەڵەیەكی سەرەكیی نێوانیان و دەستپێكی هەر بیرەوەرییەك و رەگ و دەماری سەرەكیی هەر دیمەنێك، (پێڵاو)ە. هەر لەیەكەم ساتەوە پێڵاو لەهەموو دیمەنێكدا زاڵە، تەنانەت لە یەكێك لە دیمەنەكاندا زۆر دڵخۆشە كاتێك سەربازەكان (پێڵاوە شووم و بەدبەختەكانی) دەدزن، وەك لە رستەیەكدا دەڵێت:"پێڵاوەكە بناغەی قەیرانەكەیە". رەنگە هەر لەبەر ئەمەیش رۆمانەكەی بەو جۆرە ناو نابێت. پێڵاو لە چەندین هەڵوێستی جیاواز و لێكچوو و گێڕانەوەی لەیەكدووردا دەردەكەوێت. ئیتر ئەمە پێڵاوی كارمەندێكی دەزگای ئەمنە كە دێتە ژوورەكەیەوە، ئەمە پێڵاوە تایبەتەكەی تابلۆكەی ڤان كوخە، لەولاوە دیمەنی (پێڵاوی كوڵاوە كە دەربەدەرێك دەیخوات). تا دەگاتە دێڕە شیعرەكانی (ئەحمەد ئەلمەتەر) كە تێیدا دەڵێت:
وتی: ئەو شتە چییە كە لەخوارەوەیە وەك چۆن پێ لەخوارەوەیە؟
وتم: گەلەكەم...
وتی: نەخێر، پێستێكە بێ گۆشت و بێ خوێن
وتم: گەلەكەم...
وتی: باش بیر بكەرەوە، دەمی هەیەو دەمیش نییە..و
زمانی بەبەڵگەیشی هەیەو سەرەڕای ئازارەكانیش سكاڵا دەرنابڕێت
وتم: گەلەكەم
وتی: ئەم گەمژەییە چییە؟ من مەبەستم پێڵاوە
نووسەر لە یەكێك لە دیمەنەكانی رۆمانەكەیدا، شەڕێكی پاڵەوانەكەی دەگێڕێتەوە كە لە تەمەنی هەرزەكارییدا لەگەڵ گەنجێكدا تووشیبووە و لەوێیشدا دیسانەوە پێڵاو بكەری رووداوەكە بووە، چونكە گەنجەكە دوای ئەوەی خستوویەتی بە زەویدا تاكێك لە پێڵاوەكانی تێگرتووە و چاویلكەكەی شكاندووە، بەم جۆرە هەمیشە پێڵاو بەشداربووە لە (داڕشتنەوەی بیرۆكەكانی و خاڵە جیاوازەكان لە ژیانیدا). پاشان پاڵەوانی رۆمانەكە ئەوەی بیردەكەوێتەوە كە دواتر گەنجەكە بووەتە ئەفسەری ئەمن. وای لەم حاڵەتە پڕ تراژیدیایەی.
قەیرانەكە زیاتر دەبێت و پاڵەوانەكە بەم شێوازە درێژە بە بیركردنەوەكەی دەدات. تەنانەت كە دەكەوێتە باسی سیاسەتی جیهانیییشەوە رەخنە لە هەوڵی ئەو وڵاتانە دەگرێت كە دەیانەوێت پێڵاوی سەربازیی دژە مین دروست بكەن. داوا دەكات جەنگەكان لە دەستپێكەوە رابگیرێن.
خەولە سامی، كە شاعیریشە، لە سوریا ژیاوە و پاشان چووەتە روسیا و دواتر لە كوەیت گیرساوەتەوە.
پۆل
ئه ده ب هونه ر
كۆمێنت
ليست هناك تعليقات :